میدیاکانی سعودیە بڵاویانکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ حووسیەکانی یەمەن بە موشەک ھێرشیانکردووەتە سەر وێستگەیەکی دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە شاری جدەی سعودیە و بەھۆیەوە ئاگر لە بەشێکی وێستگەکە کەوتووەتەوە. 


ھاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە رایگەیاند، حوسییەکان ١٦ ھێرشی دوژمنکارانەیان کردووەتە سەر سعودیە. 


ئاماژەیان بەوەشکرد، ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی بۆمبڕێژکراوی حووسییەکان، کە ئاڕاستەی وێستگە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە شارەکانی نەجران و جیزان و ریازی پایتەخت کراون، لە لایەن سیستمی بەرگریی سعودیەوە خراونەتە خوارەوە.


لەبارەی ھێرشەکەوە گرووپی حووسییەکان، بەرپرسیارێتی ھێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، ھێرشێکی نەوعی و فراوانیان لە قوڵایی سعودیە ئەنجامداوە.