مادلین ئۆڵبرایت لە تەمەنی ٨٤ ساڵی کۆچی دوایی کرد
کوردسات نیوز
٢٣ی ئازاری ٢٠٢٢
٣٤٠
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی خێزانەکەی، مادلین ئۆڵبرایت، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا لە تەمەنی ٨٤ ساڵی و بەھۆی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کردووە.
ئۆڵبرایت خەڵکی چیکە و ساڵی ١٩٤٨ وەک پەنابەر لە پراگەوە ڕووی کردووەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە کۆلێژی ولیسلی، زانستی سیاسیی و یاسای خوێندووە و دواتریش زانستییە نێودەوڵەتییەکانی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا خوێند.
ئۆڵبرایت یەکەم ژنە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای وەرگرتبێت و ساڵی ٢٠١٢ش مەدالیای ئازادی وەرگرتووە کە بەرزترین مەدالیای مەدەنییە لە ئەمریکا.
ئۆڵبرایت نووسەر بووە و ئەندامی بۆردی داڕێژەری سیاسەتیی بەرگریی ئەمریکا بووە و یەکێکیش بوو لەو کەسانەی کە ڕۆڵیان ھەبوو لە کۆتاییھێنانی بە شەڕی ناوخۆ لە ھەرێمی کوردستان.