"کەریم نوری" بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو خێزانانە گەڕێندراونەتەوە پارێزگای "ئەنبار" و پێشتریش ٧٤ خێزانی تریان بۆ ئەو پارێزگایە گەڕاندووەتەوە.

وتیشی، عێراق سەرکەوتوو بووە لە پێکھێنانی لیژنەیەکی حکومی ئەمنی بۆ پرسی عێراقییەکانی ناو کەمپی ھۆلی سوریا، لە ماوەی ڕابردووشدا ٤٥٣ خێزانیان لەو کەمپەوە گەڕاندووەتەوە کەمپی "جەدعە" لە پارێزگای "نەینەوا"، کە ھیچ مەترسییەکی ئەمنییان لەسەر نییە.

"کەریم نوری" ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمەڵی نێودەوڵەتی ستایشی عێراق دەکات لە سەرکەوتنی بۆ گەڕانەوەی خێزانەکانی ناو کەمپی ھۆل.

وتیشی، پڕۆگرامێکی چڕ ھەیە بە ھەماھەنگی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی ئەو خێزانانە بۆ ناو کۆمەڵگە. بە پێی ئامارەکان، نزیکەی ٣٠ ھەزار عێراقی لە کەمپی ھۆلن، زۆرینەیان ژن و منداڵ و بە تەمەنن.