بە پێی دواین راپرسیی، ماکرۆن چانسی سەرکەوتنی لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی زۆرە و بە رێژەی لەسەدا ٥٨ لە پێش رکابەرە سەرەکییەکەی مارین لوپێن سەرکردەی پارتی گردبوونەوەی نیشتمانییە.
دامەزراوەی ھاریس ئینتەر ئەکتیڤ لە راپرسییەکدا ئاشکرایکردووە، ماکرۆن لە خولی یەکەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٣٠٪ی دەنگەکان بەدەست دەھێنێت، مارین لوپێن ١٩.٥٪ و جون لوک میلینشۆن ١٣.٥ی دەنگەکان بەدەستدەھێنن.


لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا ١٢ کاندید رکابەری یەکتر دەکەن، بەڵام ئەوەی وایکردووە ماکرۆن لە ھەموویان زیاتر دەربکەوێت، ھەوڵەکانییەتی بۆ راگرتنی جەنگی ئۆکراین، کە لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک گوشاری خستووەتە سەر ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕی ئۆکراین.


بە بڕوای پسپۆڕانی تایبەتمەند لە کاروباری نێودەوڵەتی،  ھەوڵەکانی فەڕەنسا و خودی ماکرۆن بۆ ھێورکردنەوەی رەوشەکە پاڵنەری مێژوویی سیاسی ھەیە و لە ٢٠٠٨ لە ھێرشی روسیا بۆ سەر جۆرجیا و داگیرکردنی نیمچە دوورگەی کریما لە ٢٠١٤ ھەمان رۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ھەوڵانە بێ مەترسی نین، بەتایبەتی ئەگەر سەرۆکی روسیا لەسەر داوای فەڕەنسا چەند سازشێک بکات و سەرۆکی ئۆکراین قبوڵی نەکات، ئەوکات فەڕەنسا ناچار دەبێت گوشار بخاتە سەر ئۆکراین، ئەوەش دەرئەنجامێکی باشی لێناکەوێتەوە.


لەگەڵ ئەوەشدا گرنگینەدانی ماکرۆن بە کەمپینەکانی ھەڵبژاردن و روننەکردنەوەی بەرنامەی ھەڵبژاردنی بۆ ٥ ساڵی داھاتوو لەلایەن رکابەرەکانی لە ئۆپۆزسیۆن کراوەتە دەرفەتێک بۆئەوەی رەخنەی لێ بگرن.


ماکرۆن لە ساڵی ٢٠١٧ وەک کاندیدی سەربەخۆ گەیشتە کۆشکی ئیلیزێ و لە ویلایەتی یەکەمی سەرۆکایەتیدا  روبەڕوی کۆمەڵێک ئاستەنگ بووەوە بەتایبەتی دوای بەرزکردنەوەی باجی سەر سوتەمەنی کە ئەوەش خۆپیشاندانی ھێلەک زەردەکانی لێکەوتەوە، لێکەوتە ئابورییەکانی کۆرۆناش یەکێکی تر بوو لە ئاستەنگەکانی بەردەم دەسەڵاتی ماکرۆن کە بەھۆیەوە تا ئێستا ١٤٠ ھەزار فەڕەنسی گیانیان لەدەستداوە.