جەیک سۆلیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئیدانەی ھێرشە موشەکییەکەی ھەفتەی ڕابردووی سەر شاری ھەولێری دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد واشنتۆن پشتیوانی بەغداد و حکومەتەکانی دیکەی ناوچەکە دەکات لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی تاران.

پێشتریش کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، پشتیوانی لە حکومەتی عێراق و ھەموو ھاوبەش و ھاوپەیمانەکانیان دەکەن لە سەرانسەری خۆرھەڵاتی ناوەراست، لە بەرامبەر ھەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە.

ھەفتەی ڕابردوو میدیاکانی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویانکردەوە، بە موشەکی بالیستی ھێرشیان کردوەتە سەر بنکەیەکی دەزگای مۆسادی ئیسرائیل لە شاری ھەولێر خاپوریان کردووە.

دوێنێش بە ھەمان شێوە جارێکی تر سوپای پاسداران ھەڕەشەی کردەوە، کە ئەگەر حکومەتی عێراق بارەگاکانی دیکەی مۆساد دانەخات، ھێرشی دیکە دەکەنەوە و بە ھیچ شێوەیەک سازش لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەیان، ناکەن.