ڕاوێژکاری سەرۆکی ئۆکراین، میخایلۆ پۆدۆلایک وێنەی کۆبوونەوەکەی لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ئەنجامدانی ھیچ ڕێککەوتنێک بکات، بەڵام دەڵێت گفتوگۆیان کردووە بۆ ئاگربەست و کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی.

ئەمە دووەم جارە بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکراین کۆدەبنەوە، جاری پێشوو ھەردوولا لە ھەرێمی (گومیل)ی بێلاروس کۆبوونەوە و سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری ئۆکراینیش ڕایگەیاند، لەگەڵ وەفدی ڕووسیا لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتوون و بۆ ڕاوێژ دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.

سەرۆکایەتی ڕووسیاش ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی وەفدی ڕووسیا و ئۆکراین ٥ سەعاتی خایاندووە و لە داھاتووشدا خولێکی تری دانوستانەکان بەڕێوەدەچێت.

دەربارەی دانوستانەکانیش سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند، وەفدی وڵاتەکەی داوای کشانەوەی تەواوەتی سوپای ڕووسیای کردووە لە ناو خاکی ئۆکراین بە دوورگەری کریما و ھەرێمی دونباسیشەوە.

سەرۆکی ئۆکراین ڕاشیگەیاند، کیێڤ مەبەستیەتی لە کاتی گفتوگۆکاندا ھێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی ڕابگیرێت.