میدیا جیھانییەکان بە پێی وێنەی مانگە دەستکردەکان بڵاویانکردەوە، کاروانێکی سەربازی ڕووسی بە ئاڕاستەی "کیێڤ"ی پایتەخت دەڕوات، ئەو کاروانە لە ناوچەی "ئیڤانکیڤ" دەرکەوتووە کە تەنھا ٦٠ کیلۆمەتر لە پایتەختی ئۆکراینەوە دوورە و زەنگی ئاگادار کردنەوە لێدراوە.

ھاوکات میدیاکان ڕایانگەیاندووە کە سوپای ڕووسیا لە دەوروبەری شاری "خیرسون" نزیک بووەتەوە و گەمارۆی داوە و بەیانی ئەمڕۆش لە شاری ماریۆپوڵ پێکدادان ڕوویداوە.

لەلایەکی ترەوە، لێپرسراوانی کۆماری لۆھانسک سوپای ئۆکراینان تۆمەتبار کردووە بە ئەنجامدانی ٦ ھێرش بۆ سەر ٣ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ناوچەکە، سەرۆکی چیچانیش، کوژانی ٢ سەرباز و برینداربوونی ٦ی تری لە ئۆکراین ڕاگەیاند. ھاوکات پۆڵەندا و بولگاریا و سلۆڤاکیاش، ٧٠ فڕۆکەی جەنگییان ڕەوانەی ئۆکراین کردووە.