کەشناسی ئێران ھۆشداری لە شەپۆلێکی بەفر و باران دەدات
کوردسات نیوز
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
٣٬٥٩٦
رێکخراوی کەشناسی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی بەفر و بارانبارینی بەخوڕ لەگەڵ ھەورە بروسکە، پارێزگاکانی گیلان و گوڵستان و تاران و قوم و قەزوین و ئەسفەھان و یەزد و فارس و سمنانی گرتووەتەوە و تا ئێوارەی رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی ئەو شەپۆلی بەفر و بارانەوە پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاویش لە ھەندێک ناوچە ھەیە.
رێکخراوی کەشناسی ئێران داواشی لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە کردووە، خۆیان لە نزیکبونەوە لە روبار و کەناراوەکان بپارێزن.
چەند رۆژێک پێش ئێستاش لە شاری مھاباد سەر بە پارێزگای ورمێ لافاو دروستبوو و زیانی ماددی زۆری لێکەوتەوە.