سەرچاوەیەک لە ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە ئاشکرای کردووە، فەرمان دەرکراوە بۆ میلیشیا ئۆپۆزسیۆنەکان کە ئامادەبن بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا دژی ھێزەکانی سوریای دیموکرات، کە پێشبینی دەکرێت لەمڕۆوە دەستپێبکات.


سەرچاوەکە ڕاشیگەیاندووە، ئۆپراسیۆنەکە لە چەند میحوەرێکەوە لە باکوری سوریا ئەنجام دەدرێت، وەک میحوەری "ئەعزاز" و "گرێ سپی". 


پێشتر "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاندبوو، لە کاتی پێویستدا ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی ھێزە کوردییەکان بەرپا دەکەن، پەرلەمانی تورکیاش بە زۆرینەی دەنگ پێشنیارێکی "ئەردۆغان"ی پەسەندکرد بۆ ھێشتنەوەی ھێزەکانیان لە "سوریا و عێراق" بۆ ماوەی ٢ ساڵی تر.  


ئاژانسی "سانای" ڕەسمی سوریاش ھەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، سوپای تورکیا ٢٠٠ ئۆتۆمبێلی سەربازی ڕەوانەی ڕیفی "ئیدلب" لە باکوری خۆرئاوای سوریا کردووە و خاڵەکانی لە ڕیفی "حەسەکە" و ناوچەی "سەرێکانێ" پتەو کردووە.