(عەبدولفەتاح بورھان) فەرماندەی سوپای سودان رایگەیاند (عەبدوڵا حەمدوک) سەرۆک وەزیرانی سودان نەڕفێندراوە و لە ماڵەکەی ئەودایە و ھەرکاتێک رەوشی وڵات ئاسایی بۆوە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی ، وتیشی  رەوشی تەندروستی سەرۆک وەزیران زۆر باشە.


لەبارەی وەزیرە دەستگیرکراوەکانیشەوە بورھان ئاماژەی بەوەکرد ، ئەو وەزیر و بەرپرسانەی تاوانبارن بە دەستگیرکراوی دەمێننەوە و ئەوانەشی ھیچ تاوانێکیان لەسەر نییە ئازاد دەکرێن. وتی ، ئەوەی رویداوە کودەتا نییە، بەڵکو راستکردنەوەی چەوتییەکانە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەمە ھێزە ئەمنیەکانی سودان، سەرۆک وەزیران و بەشێک لە وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتیان دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر دەسەڵاتی وڵاتدا گرت، زۆربەی حزبەکان و بەشێک لە وڵاتانی جیھانیش روداوەکانیان بە کودەتا ناوبرد و سوپاش بە رزگارکردنی وڵات لە دوبەرەکی ناوی برد.