ترامپ لە راگەیەندراوێکدا کە رۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردۆتەوە دەڵێت، زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەی سنورەکان بەرەو ئەمریکا تێدەپەڕێنن، تۆمەتبار و مەترسیدارن و لە زیندان ھەڵاتوون. 


وتیشی، ئەمریکا بەھۆی ملیۆنان کۆچبەرەوە کە رێگرییان لێناکرێت ژەھراوی بووە.


ترامپ راشیگەیاند، پێویستە بەپەلە دەستبکرێتەوە بە دروستکردنی دیوار لە سنوری مەکسیک بە درێژایی دوو ھەزار میل، ھێرشیشی کردە سەر ئەو میدیایانەی شکستەکانی ئیدارەکەی جۆ بایدن دەشارنەوە.


لێپرسراوانی یەکەکانی پاراستنی سنورەکانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە، لە ماوەی ١٢ مانگی رابردوودا ژمارەیەکی پێوانەیی کۆچبەران رێگرییان لێکراوە، کە ژمارەیان یەک ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کۆچبەر بووە.