ئەمڕۆ لە "مۆسکۆ"ی پایتەخت، یەکەمین کۆڕبەندی تایبەت بە رەوشی "ئەفغانستان" لە دوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن "تاڵیبان"ەوە دەستپێدەکات، بە بەشداری نوێنەرانی روسیا و چین و پاکستان و ئێران و ھندستان و نوێنەری "تاڵیبان"یش بەشدار دەبێت، بەڵام "نید پرایس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی بەشداری ئەو کۆڕبەندە ناکەن. 
بڕیارە لە کۆڕبەندەکەدا جەخت بکرێتەوە لەسەر پێشکەوتنی بزووتنەوەکە لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و ماددەی ھۆشبەر و ھەڕەشەکان، ھەروەھا قەیرانی ئابوری و ئەو گرفتانەی تر کە "ئەفغانستان" روبەڕووی بۆتەوە، باس دەکرێن.
ھاوکات "سێرگی لاڤرۆڤ" وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندووە، ھێشتا وڵاتەکەی باسی لە دانپێدانان بە بزووتنەوەی "تاڵیبان" نەکردووە و چاوەڕێ دەکەن بزووتنەوەکە پابەندی بەڵێنەکانی بێت.