سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران ھیچ مەرجێکی پێشوەخت بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دانانێن و نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت، لە چەند رۆژی داھاتووشدا دانوستانە ئەتۆمییەکان لە ڤییەنا دەستپێدەکەنەوە.  

وتیشی، ئێران دەیەوێت حکومەتەکەی جۆ بایدن لە حکومەتەکەی دۆناڵد ترامپ جیاواز بێت و سزاکان ھەڵبگرێت.

پێشتریش وەحید جەلال زادە سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران لە زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، دانوستانەکان لەو خاڵەوە دەستپێدەکەنەوە کە ترامپ لێی کشاوەتەوە. 

وتیشی، دانوستانەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا دەبێت و ئەگەر ئەمریکاش بیەوێت بەشدار بێت، پێویستە سزاکان ھەڵبوەشێنێتەوە.