ڕەوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، فەرماندە سەربازییەکانی تورکیا لە سوریا داوایان لە گروپە چەکدارەکانی ھاوپەیمانیان کردووە لە ئامادەباشیدا بن بۆ ھەر فەرمانێکی سوپای تورکیا بۆ ھێرشکردنە سەر ڕۆژئاڤای کوردستان.


ئەو داوایەی سوپای تورکیا دوای لێدوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دێت کە ڕایگەیاندبوو وادەی شەڕ لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) لە ڕۆژئاڤای کوردستان نزیکبووەتەوە.


ڕەوانگەی سوری ئاشکراشیکردووە، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ھاوپەیمانی بەردەوامن لە تۆپبارانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزە کوردییەکان و گوندی عەلقەمیە و مەرعەناز و شوارغە لە باکوری حەلەب و لە ھەمان کاتیشدا فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا لە ئاسمانی عەفرین دەسوڕێنەوە.