لەماوەی ٢٤ سەعاتدا سوپای تورکیا ٤٥ ھێرشی ئاسمانی لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە و بەھۆیەوە ٢٧ ھاووڵاتی مەدەنی گیانیانلەدەستداوە.
لە ئێوارەی دوێنێوە سوپای تورکیا ھێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چڕ کردووەتەوە و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەندین شوێنی بۆردومان کردووە.
لە بەیاننامەیەکدا ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاندووە، سوپای تورکیا ژێرخانی رۆژئاوا دەکاتە ئامانج لەنێویشیاندا نانەواخانە، وێستگەی کارەبا و نەوت، ھەروەھا بازگەکانی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
ھاوکات ئاسایشی رۆژئاوا رایگەیاندووە، سوپای تورکیا شاری کۆبانێی بەچڕی بۆردومان کردووە ھەروەھا ھۆڵی زەماوەندی فورات و بازگەی جەرابلوس، ئاشی کۆبانی، یاریگای کۆبانی، نەخۆشخانەی ئەلئەمەلی بۆردومان کردووە.
دەشڵێت، سوپای تورکیا بەوەشەوە نەوەستاوە و بۆردومانی سایلۆکانی کۆبانی کردووە کە بەھۆیەوە کرێکارێک کوژراوە و ھەشتی تریش بە سەختی برینداربوون، جگە لەوەش خاڵێکی پشکنینی سەر بە ھێزەکانی ئاسایشی لە ناوچەی دێریک کرددوەتە ئامانج.
دووپاتیکردووەتەوە، کە ئەم ھێرشە بەردەوامانە ھەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەکەن و ژیانی خەڵکی مەدەنی دەخەنە مەترسییەوە.