بنەماڵەی بەنی سەدر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەبولحەسەن بەنی سەدر دوای ماوەیەکی زۆر لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی پیتیە سالپیتێریەی شاری پاریس کۆچی دوایی کردووە.


بەنی سەدر ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی باخچەی سەر بە شاری ھەمەدان لەدایک بووە و باوکی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ روحوڵا خومەینی رێبەری پێشووی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ھەبوو.


ئەبولحەسەن بەنی سەدر کە پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە چالاکانی سیاسی و لە دەرەوەی وڵات بوو، پاش شۆڕش گەڕایەوە ئێران و ساڵی ١٩٧٩ خۆی بۆ پۆستی  سەرۆک کۆماری ئێران کاندید کرد و بە بەدەستھێنانی ٧٦٪ی دەنگەکان، بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران، بەڵام ماوەی سەرۆکایەتییەکەی زۆری نەخایاند و ساڵی ١٩٨١ بەکۆی دەنگی نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران، لە سەر کار لابرا.