ئەنتۆنی بلینکن لە پەراوێزی دانوستانە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لە شاری "پیتسبێرگ"، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێران دایە، بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم و ئەو وڵاتە کاتێکی زۆری بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان، لەبەردەستدا نەماوە. جەختی لەوەشکردەوە، ئیدارەی جۆ بایدن خوازیاری گەڕانەوەیە بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی، بەڵام بەو مەرجەی، ئێران پابەندی سەرجەم بەندەکانی ناو رێککەوتننامەکە بێت. بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی و پابەندکردنەوەی ئێران بە رێککەوتننامەکە، تاوەکو ئێستا شەش خولی دانوستانەکانی ڤیەننا بەڕێوەچووە، بەڵام ماوەی چەند مانگێکە بەھۆی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ئێران، دانوستانەکان راگیراون.