سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی ئێرنا رایگەیاند، لە چەند مانگی رابردوودا چەندین خولی دانوستانیان لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە لە بەغداد ئەنجامداوە و لەبارەی بابەتە دوولایەنەکان گفتوگۆی باش کراوە، وتیشی، لەبارەی ئاسایشی کەنداوی فارس، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکاندا ھەبووە.
خەتیب زادە راشیگەیاند، دانوستانەکانی نێوان تاران و ریاز ھیچکات رانەگیراوە و دوای دەستبەکاربوونی ئیبراھیم رەئیسیش، پەیامەکان لە ئاستێکی گونجاودا ئاڵوگۆڕ کراون.
ئەوەش لەکاتێکدایە، شا سەلمان پاشای سعودیە لە وتارەکەیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک رایگەیاند، ھیواخوازە دانوستانەکانی نێوان سعودیە و ئێران بگاتە ئەنجامێکی دڵنیاکەرەوە لە چوارچێوەی متمانە دروستکردن و ھاوکاری دوولایەنە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری و دەست وەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر.