ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بۆ جێگری سەرۆکی گۆنگرەی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ھەڵبژێردرا، کە ڕۆژی دووشەممە کارەکانی ٦٥ کۆنگرەی ساڵانەی لە ڤییەنا دەستپێکرد.


وتیشی، ئەو دەستکەوتە لە ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆم لە چوارچێوەی گەڕانەوەی عێراقە بۆ پێگەی گونجاوی خۆی لە کۆنگرە و چالاکییە نێودەوڵەتییەکان.


ھەروەھا بەکر فەتاح بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ساڵانە بۆ کۆنگرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، سەرۆک و جێگری سەرۆک لە ھەشت گروپی جوگرافی ھەڵدەبژێردرێن، ھەر جارە و سەرۆک و جێگرەکە پشکی گروپێکی جوگرافیە و ئەمجارە پشکی کوەیت و عێراق بوون، بە کۆی دەنگ کوەیت بووە سەرۆکی کۆنگرەکە و عێراقیش بووە جێگری سەرۆکی کۆنگرەکە. وتیشی، ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی عێراق سەرۆکایەتی کۆنگرەکە دەکات.


ئەرکی کۆنگرەی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بریتییە لە پەسەندکردنی بودجەی ئاژانسەکە و گفتوگۆکردن لە بارەی ئەو کێشانەی دروست دەبن لە نێو ئەندامانی ئاژانسەکە.