ڕەفیق کوروکز، سەرۆک شارەوانی شارۆچکەی شاڵپازاری سەر بە شاری ترابزۆن، سەرجەم ئەو کڵاوانەی لە کارگەیەکی ئەو شارۆچکەیەدا بۆ ھاوپەیمانی کوردستان دروستکراوە کۆکردووەتەوە و لە ناوەڕاستی شارۆچکەکەدا و بە بەرچاوی خەڵکەوە سوتاندوویەتی، ھۆکارەکەشی ئەوە بووە کە وشەی کوردستانی لەسەر بووە.


کوروکز کە سەر بە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست "مەھەپە"یە دەڵێت، ئێرە وڵاتی تورکانە و ڕێگە بە کاری وەھا نادەن.


ھاوکات عومەر ئۆزدەمیر، خاوەنی کارگەکە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، لە عێراقەوە داوایان لێکراوە ئەم کڵاوانە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن دروست بکەن و ئەوانیش وەک کارێکی بازرگانی و لە چوارچێوەی یاسادا کردوویانە، ئەمەش ھەم ھەلی کاری زۆری ڕەخساندووە و ھەم خزمەتی بە ئابووری وڵات کردووە، بەڵام بە داخەوە سەرۆکی شارەوانی تاکلایەنانە و بە بێ پرسکردن بە ھیچ دامەزراوەیەک سەرجەم کڵاوەکانی سوتاندووە.