فەھمی داشتی، وتەبێژی بەرەی بەرگریی نیشتمانی ئەفغانستان رایگەیاند، چەکدارانی تاڵیبان توانیویانە بگەنە بەرزاییەکانی دەربەند لەنێوان سنوری پەنجشیر و کابیسا، بەڵام لەلایەن ھێزەکانیانەوە بە توندی بەرپەرچیان دراوەتەوە و تێکشکێندراون. وتیشی، ئەوان بەردەوام دەبن لە بەرگری کردن لە پەنجشیر و خۆیان رادەستی تاڵیبان ناکەن.
بزوتنەوەی تاڵیبانیش رایگەیاندووە، ھۆکاری لەسەرخۆیی ھێرشەکانیان بۆ سەر پەنجشیر بەھۆی ئەو ژمارە زۆرە مینەوەیە کە لە رێگادا بۆیان نراوەتەوە و ناتوانن بە ئاسانی بگەنە ناوەندی پەنجشیر. رۆژی شەمەش مەسعود ئەحمەد، سەرۆکەی بەرەی بەرگری نیشتمانی وتی، شەڕ لە دەورووبەری پەنجشیر بەردەوامە و ئامادەی بەرگری لەخۆکردنن.