عەلی خامنەئی لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی کابینەی نوێی حکومەتی ئێران، داوای بەھێزکردنی ئابوری و پەرەپێدانی پەیوەندی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی جیھان کردو  رایگەیاند، نابێت بابەتی ئەتۆمیی کاریگەری لەسەر دیبلۆماسی ھەبێت، چونکە پرسی ئەتۆمیی بابەتێکی جیاوازە و دەبێت بەشێوەیەکی گونجاو و شایستە چارەسەر بکرێت.


رێبەری باڵای ئێران، جارێکی تر ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپای بە پێشێلکردنی بەڵێنەکانیان تۆمەتبارکرد و ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی ئێستای ئەمریکا ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ حکومەتی پێشوو نییە، چونکە ئەوەی ئێستا لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە، داوای دەکەن، ھەمان ئەو شتەیە کە ترەمپ داوای دەکرد، بەڵام بەزمانێکی تر، ئەوەش پێشتر لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە رەتکراوەتەوە.