ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەکانی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ، تاوەکو ئێستا ٩٠ مەدەنی و ١٣ سەربازی ئەمریکی کوژراون، ھەروەک زیاتر لە ١٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون کە ١٨ یان سەربازی ئەمریکین.


دوێنێ، دوو تەقینەوە لە نزیک دەرگاکانی چوونەژوورەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزای لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان روویدا و دواتر گروپی داعشی خوراسان بەرپرسیارێتی ھێرشەکەی لەئەستۆ گرت.


لەلایەکی ترەوە بن والاس وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، سەڕەرای تەقینەوەکان، پرۆسەی گواستنەوە لە فرۆکەخانەی کابوڵ بەردەوامە و ھێزەکانیان چوونەتە قۆناغی کۆتایی چۆڵکردنی فرۆکەخانەکە. 
وتیشی، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتایی چۆڵکردنی فرۆکەخانەکە، ھەڕەشە ئەمنییەکانیش زیاتر دەبن، ئەوەش لەکاتێکدایە تا ئێستا ٤٠٠ بەریتانی لە فرۆکەخانەی کابوڵ ماون و چاوەڕێی گواستنەوەن.