سەرچاوەیەکی نزیک لە بزوتنەوەی تاڵیبان ئاشکرایکردووە، ئەنجومەنە ١٢ کەسییەکە ھەریەکە لە حامید کارزای سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، حەنیف ئەتمار وەزیری دەرەوە و عەبدوڵا عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجومەنی ئاشتەوایی نیشتمانی لەخۆدەگرێت و تا ئێستاش ڕێککەوتن لەسەر حەوت کاندیدی ئەنجومەنەکە کراوە.


لەلایەکی ترەوە ئاژانسی جەواز نیوزی ئەفغانی بڵاویکردەوە، بزوتنەوەی تاڵیبان وەزیری نوێی دارایی و سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری و وەزیری ناوخۆیی بە وەکالەت دیاریکردووە.


ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکانیش لە کۆبوونەوەیەکدا ڕەوشی مافەکانی مرۆڤی لە ئەفغانستان تاوتوێ کرد و میشێل باشلیە سەرۆکی ئەنجومەنەکە ڕایگەیاند، ڕاپۆرتی متمانە پێکراویان پێگەیشتووە، تاڵیبان پێشێلکاری مەترسیداری ئەنجامداوە، وەک لە سێدارەدانی کەسانی مەدەنی لە دەرەوەی دادگا و کۆت و بەند خستنە سەر ژنان و خۆپیشاندان لە دژی دەسەڵاتەکەی. ڕاشیگەیاند، مامەڵەی تاڵیبان لەگەڵ ژنان دەبێتە ھێڵی سور.