دوای راگەیەندراوەكەی هێزە سوننەكان، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دانیشتنی داهاتوویدا سەرۆكی ئەنجومەنەكە هەڵدەبژێرێت.

عەلی بەنداوی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، زۆرینەی پەرلەمانتارانی چوارچێوە و كوتلە سیاسییەكانی دیكە سورن لەسەر یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، دەشڵێن رەوشەكە بە ئاڕاستەیەكی دروستدا دەڕوات بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە. 

وتیشی، رێككەوتن هەیە لەسەر ئاستی هێزە سیاسییەكان تاوەكو كەسێكی نیشتمانی هەڵبژێرن، هیچ ئاستەنگێكی گەورەش لەبەردەم ئەو پرسەدا نەماوە، جەختیشی كردەوە لەوەی لە دانیشتنی داهاتوودا سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەستنیشان دەكرێت. 

ئەو لێدوانەی ئەندامەكەی چوارچێوە دوای ئەوە دێت پێشتر، شەش هێزی سوننی رێككەوتن لەسەر دوو رێگە بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستە، یەكەمیان پشتیوانیكردنی مەحمود مەشهەدانیە و رێگەی دووەمیش پێشكەشكردنی كاندیدێكی نوێیە.