سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ھەفتانەیدا رایگەیاند، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دواین گۆڕانکاری و روداوەکانی ئەفغانستان دەکەن و پەیوەندییان لەگەڵ ھەموو لایەنەکانی ئەو وڵاتە ھەیە.


ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران خوازیاری پێکھێنانی حکومەتێکی شەفاف و گشتگیرە لە ئەفغانستان و بۆ ئەو مەبەستەش، پێویستە لایەنەکان دان بەخۆیاندا بگرن و لە ناکۆکییەکانیان کەم بکەنەوە.


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکراشیکرد، بڕیارە پێنج شەممەی داھاتوو وەزیری دەرەوەی پاکستان سەردانی تاران بکات و لەسەر رەوشی ئەفغانستان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆدەبێتەوە.