وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھێشتا رەوشی "ئەفغانستان" زۆر سەختە و ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ھێورکردنەوەی، بەھۆی ئەو قەرەباڵغی و پێکدادانەشی لە نزیک فڕۆکەخانەی "کابول" دروست بووە کە ھەزاران کەس ھەوڵدەدەن بچنە دەرەوەی وڵاتەکە، ٧ مەدەنی کوژراون. 
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و بزووتنەوەی "تاڵیبان"یش رایانگەیاندبوو، ھێزەکانیان تەقەیان بەسەر خەڵکدا کردووە بۆ بڵاوەپێکردنیان لە فڕۆکەخانەکە، پێشتریش ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" رایگەیاندبوو لە پێکدادان و قەرەباڵغیی خەڵکدا ١٧ کەس برینداربوون. 
لای خۆشیەوە ئیدارەکەی "جۆ بایدن" تاوتوێ بانگھێشت کردنی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بازرگانی دەکات، بۆ دابین کردنی فڕۆکە و تیمی تایبەت بۆ گواستنەوەی ئەفغانییەکان.