بە پێی بەڵگەنامەیەکی نھێنی کە ناوەندی نەرویجی بۆ توێژینەوەی جیھانی (RHIPTO)، رادەستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، چەکدارانی تاڵیبان، بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی ھاوکاری ھێزەکانی ناتۆ و حکومەتی پێشووی ئەفغانستانیان کردووە، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و ھەڕەشە لە بنەماڵەکانیان دەکەن.
کریستیان نێلیمان بەڕێوەبەری (ئاڕ ئێچ ئای پی تی ئۆ) رایگەیاندووە، کەسانێکی زۆر لەناو لیستی رەشی تاڵیباندان و لەئێستادا مەترسی جددیان لەسەرە، دەشڵێت، ئەگەر ئەو کەسانە خۆیان تەسلیم نەکەن، ئەندامانی بنەماڵەکانیان لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیردەکرێن و سزا دەدرێن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پاش کۆنتڕۆڵکردنی کابوڵ، بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، بەدوای تۆڵەسەندنەوە نییە و داوای لە خەڵکی ئەفغانستان کرد، نەترسن و بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.