"ئەنگریت کرامپ کارنباور" وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە تویتەر رایگەیاند، دوای نزیکەی ٢٠ ساڵ لە بڵاوکردنەوەی ھێزەکانیان لە ئەفغانستان، دوایین سەربازییان ئەو وڵاتەی بەجێھێشت. وتیشی، بوونیان لە ئەفغانستان ئاڵنگارییەکی گەورەی بۆ سوپای ئەڵمانیا دروستکردووە و چەندین ئەندامیان دووچاری کێشەی جەستەیی و دەروونی بوون، سوپاسی زیاتر لە ١٥٠ ھەزار سەربازی ژن و پیاوشی کرد کە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە چوونەتە ئەو وڵاتەوە. 
 ئەڵمانیا لە مانگی ئایاری رابردووەوە ھاوشانی ئەمریکا کشانەوەی ھێزەکانی لە ئەفغانستان دەستپێکرد کە ژمارەیان ھەزار و ١٠٠ سەرباز بووە، بەپێی ئامارەکانی سوپای ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە تا ئێستا ٥٩ سەربازی ئەڵمانی لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان کوژراون.