پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل، گەیشتە ئیماڕات و تاوتوێی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات لەگەڵ لێپرسراوانی ئەبو زەبی دەکات، تەوەرێکی سەردانەکەی کارکردنە بۆ باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ھەر دوو شاری ئەبوزەبی و دوبەی.


یائیر لاپید ١٣ی ئەم مانگە دوای پێکھێنانی حکومەتی نوێ، وەک وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل دەستبەکار بوو، بڕیاریشە دوای دوو ساڵی تر پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل وەربگرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی پێکھێنانی حکومەت، لەگەڵ نافتالی بێنیت سەرۆک وەزیرانی ئیستای ئیسڕائیل.


مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، چەند وڵاتێکی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل ئاساییکردەوە، بڕیاریش بوو مانگی ئاداری ئەمساڵ بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسڕائیل، وەک یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل سەردانی ئیماڕات بکات، بەڵام ھێڵی ئاسمانی ئوردن ڕێگەی نەدا ناتانیاھۆ ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ چوونە ئیماڕات بەکاربھێنێت، ھەر بۆیە سەردانەکە ھەڵوەشایەوە.