ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، چەند موشەکێک لە کێلگەی نەوتی عومەر لە دێرەزوور کەوتوونەتە خوارەوە و بەھۆیەوە چەند ئۆتۆمبێلێک سوتاون، لای خۆشییەوە وتەبێژی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، ھێرشەکە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە.


بە وتەی سەرچاوەکان، گروپەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەی خۆرئاوای ڕووباری فورات ھێزەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج، دوای ھێرشەکەش فڕۆکەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە و بە تۆپھاوێژ شاری مەیادینیان تۆپباران کردووە کە لە ژێر دەستی گروپەکانی سەر بە ئێراندایە.


ئەوەش لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ڕۆژی دوو شەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ھێزەکانی حەشدی شەعبیان لەسەر سنوری عێراق و سوریا بۆردومانکرد و بەھۆیەوە چوار چەکدار کوژران، ھێرشەکەش کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا ھێنا.