جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان، لەسەر سنوری عێراق و سوریا بۆردومانکردووە و ھێرشەکەش لەسەر فەرمانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بووە، کە پەیامێکی راستەوخۆیە بۆ ئێران  و لە تۆڵەی کردنە ئامانجی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە عێراق.


لەبارەی زیانەکانەوە روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانەکە پێنج ئەندامی ئەو گرووپانە کوژراون، باس لەوەش دەکرێت، ئەو بنکەیەی بۆردومانکراوە، ناوەندی بەکارھێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەیە، کە ناوبەناو ھێرشی مووشەکی و ھێرش بە درۆن، ئەنجامدەدەن.


ھاوکات حەشدی شەعبی ھەڕەشەی وڵامدانەوەی توندی لە ئەمریکا کرد و "کەتیبەکانی سەید شوھەدا"ش دەڵێت، بەرەو شەڕێکی کراوە لەگەڵ ئەمریکا دەڕۆن، کە سەرەتاکەی بە کردنە ئامانجی فڕۆکەکانی ئەمریکا لە عێراق دەستپێدەکات.