ئەدھەم بارزانی لە پەیامێکدا کە لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بڵاویکردووەتەوە و ئاڕاستەی سەرجەم لایەنەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش و یەکێتی ئەوروپا و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کردووە  دەڵێت" کوردستان کەوتووەتە بەر گەڕێکی دیکەی داگیرکاری سوپایی و جینۆسایدی ژینگەیی.

لە پەیامەکەیدا دەڵێت" بەپێی ئەزموونی رابردوو سوپای تورکیا، ھەر جوگرافیا و ناوچەیەکی داگیر کردبێت، ھەرگیز پاشەکشەی لێ نەکردووە، لەئێستاشدا دەڤەری بادینان کەوتووەتە بەر شاڵاوێکی چڕی دەستبەسەرداگرتن و سوپای تورکیا تا قوڵایی ٤٠ کیڵۆمەتر سنوری بەزاندووە و خاکی کوردستانی خستووەتە ژێر ھەلومەرجی سەخت و نایاسایی داگیرکاریی سەربازی، گوندەکانیشی بە  دانیشتووانی چۆڵ کردووە و دەیان کەسیش بەو ھۆیەوە شەھید بوون.

ئەدھەم بارزانی بانگی لە دەسەڵات و  ھەموو لایەنەکانی کردووە، کە ھەموو ھەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ، چ لەڕێی گفتووگۆ و دانووسانی دوولایەنە یان لەڕێگەی بەغداد یان رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان فشاری لەسەر ئەنقەرە دروستبکرێت، کە  سنورێک بۆ ئەو پێشێلکاری و داگیرکاریە دابنێن.

ئەدھەم بارزانی نەیشاردووەتەوە کە کاتی لێدانی زەنگی مەترسی ھاتووە کە ھەموومان بە بێ دوودڵی لێبدەن و  بەھەندی وەربگرن.