لە دیدارێکدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان تاوتوێکران و بیروبۆچوونیان لە بارەوە ئاڵوگۆڕکرا و گرنگی پتەوکردنی ھەماھەنگیی سەربازی و ئەمنی نێوان ھەردوولا دووپاتکرایەوە بە تایبەت لە بوارەکانی پڕچەککردن و ڕاھێنان و پەرەپێدانانی توانا سەربازییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و سەقامگیرکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە.


‎ھاوسەرۆکان لە بارەی جموجوڵ و مەترسی داعش لە عێراق و سوریا و خۆڕێکخستنەوەیان ھۆشدارییاندا و تەئکیدیان لە ستراتیژێکی نوێی سەربازیکردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ڕێگریکردن لە ھێنانەدی مەرامەکانیان، بۆ ئەوەش بەردەوامی ھەماھەنگی ئەمنی ھاوبەش لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و عێراق و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بە گرنگ زانرا و پێکھێنان و چالاککردنی ژووری ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بە ھەنگاوێکی گرنگ لە قەڵەم درا و داواشیان لە ھێزەکانی ھاوپەیمانان کرد ڕۆڵی زیاتر بگێڕن و بەشداربن لە ژوورە ھاوبەشە ئەمنییەکاندا.


‎لە بارەی یەکگرتنەوە و یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و یەکە سەربازییەکان، ھاوسەرۆکان جەختیان لە خستنەگەڕی ھەوڵەکان کردەوە بۆ یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای ھاوسەنگی و شەراکەت بە لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای نیشتمانی و بەرژەوەندی گشتی و ڕاشیانگەیاند، یەکێتی ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ پێکھێنانی ھێزێکی یەکگرتووی مەشقپێکراوی نیشتمانی کوردستانی کە پارێزەری خاک و گەکەکەمان بێت. پشتیوانی و ھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانانیشیان لەو ڕووەوە بە پێویست زانی.


‎لە بارەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پێشھاتەکانی ئەمدواییەی بەغدا، ھاوسەرۆکان بۆچوونی یەکێتییان خستەڕوو تەئکیدیانکردەوە لە چارەسەرکردنی سیاسیانەی تەواوی کێشەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم سەقامگیری سیاسی و ڕەوینەوەی گرژییەکان بە تایبەت لەم دۆخەدا کە بەرەو ھەڵبژاردنی پێشوەختە ھەنگاو دەنێین و پێویستە زەمینەی لەبار بۆ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد فەراھەم بکرێت.