بافڵ تاڵەبانی لە دیدارێکدا لەگەڵ مارتن ھووس، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و ڤێنسنت گیووم پۆپۆ، بەرپرسی نوسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد لە بارەی پرسی ئازادی ڕادەربڕین، ڕۆڵی میدیا و ڕەخساندنی زەمینەی لەبارتر بۆ پیشەی ڕۆژنامەوانی و دەستخستن و پێدانی زانیاری بە ڕاگەیاندنکاران.


بافڵ تاڵەبانی بە ڕوونی گۆشەنیگای یەکێتی لە بارەی ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین دامەزراوە و یەکێک لە کۆڵەکەکانی بونیادی یەکێتی ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن و ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بووە بۆ نووسەر و ڕۆژنامەنووسان. نابێت بە ناوی یاساوە سنوورەکانی کاری ڕۆژنامەوانی بەرتەسک بکرێتەوە و دژی ھەموو ڕێگری و سنووردارکردنێکی کارەکانی ئەو توێژە گرنگەی کۆمەڵگاین.


جەختیشی کردەوە، یەکێتی لەگەڵ بوونی میدیایەکی ئازاد و بوێردایە، چونکە پێیانوایە ئەزموونی دیموکراتی ھەرێم و ئەم کۆمەڵگایەی شانازی پێوەدەکەن بەستراوەتەوە بە دەنگی ئازاد و میدیای ئازاد و ئازا، کە بۆ ئەوەش ھەموو ھەوڵێکمان ڕوو لە ڕەوینەوەی ئەو بۆچوونانەیە کە لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باس لە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان دەکەن.


ھاوسەرۆکی یەکێتی جەختیشی کردەوە، لەگەڵ سزادانی سیاسی نەبوون و نابن. ناشیانەوێت چیتر گەنجەکانی بادینان ببنە قوربانی مەرامی سیاسی و لە ھەوڵەکانیان بەردەوامن لە پێناو ئازادکردنیان.


داواشی لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرد لە بەرامبەر ئەم کەیسە سیاسییە دەسەڵاتی خۆی بەکاربھێنێت و دەبێت بە ھەمووان ڕێگری لەم پێشھاتە مەترسیدارە بکەن کە لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا ناوبانگی ھەرێمەکەمان لەکەدار دەکات.

ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو و ھاوسەرۆک ڕایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنە لە کاتی خۆیدا و پێویستە ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە چاودێری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت.