سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم و باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و لێپرسراوی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان کۆبونەوە، بە پێی راگەیەنراوێکی کۆبونەوەکەش گفتوگۆ کرا لەسەر چەند تەوەرێکی پەیوەندیدار بە کاری دادگاکان و پرسی مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە دۆسیەی چەند حوکمدراوێک کە لە دادگای تاوانەکانی ھەولێر و دواتر دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم بڕیاریان لەسەر دەرچوو، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، بە گرنگییەوە دەڕواننە ھەوڵەکانی ھەرێم بۆ چەسپاندنی یاسا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.

سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریش جەختیکردەوە، دۆسیەی حوکمدراوەکان، بە پێی رێکار و میکانیزمە یاساییەکانی خۆی، قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ کراوە تا گەیشتووەتە دادگای پێداچوونەوە و ئێستاش لە قۆناغی راستکردنەوەی بڕیاری دادگای پێداچونەوەیە.