ئەمڕۆ، بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و لایەنە پەیوەندیدارەکان، دووەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.


لە کۆبوونەوەکەدا و لەبەر ڕۆشنایی بڕیارەکانی یەکەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە، تاوتوێی ئەو کاریگەرییانە کرا کە وشکەساڵی لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستاندا دروستی دەکات.


لەمبارەیەوە دکتۆر ھەڵۆ عەسکەری ڕاوێژکاری تایبەتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد لەسەر چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و کەمکردنەوەی زیانەکانی لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان.


لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا بە وردی گفتوگۆ کرا دەربارەی چۆنیەتی دەستپێکردنی قۆناغەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی، لەو بارەیەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند: دەبێت ھەنگاوی بەپەلە بگرینەبەر و بۆ ئەو مەبەستەش پلانێکی تۆکمە ھەبێت بۆ دابینکردنی ئاوی پاک بۆ ھاوڵاتیان. 


ھاوکات لە کۆبوونەوەکەدا پێداویستییەکانی ھەر سێکتەرێک بە پێی ناوچە و پارێزگاکانی ھەرێم و میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی خرایەڕوو، لەمبارەیەوە پێشنیازی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوتوێ کرا و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا. 


ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بۆردێکی سەرەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بۆردێکی لاوەکی لەسەر ئاستی پارێزگا و یەکە ئیدارییە سەربەخۆکانیش دروست بکرێت. بڕیاریش درا کە ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان بگیرێتەبەر.