د.پەرست نەقشبەندی، پزیشکی دەرمانساز و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بەھۆی ھەستیاری دەرمان کە راستەوخۆ پەیوەستە بە تەندروستی ھاوڵاتیانەوە، پێویستە بە وریاییەکی زیاترەوە میکانیزمی گواستنەوە و کۆگاکردن و کاتی دابەشکردن و بەکارھێنانیشی لەبەرچاو بگیرێت، بۆیە کۆمپانیاکانی دروستکاری دەرمان رێنمایی تەواو لەگەڵ دەرمانەکەدا دەدات بە بەکارھێنەر تا بەشێوەیەکی گونجاو و دور لە دروسبونی مەترسی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

وتیشی، "جۆری دەرمانەکان زۆرە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پێویستە لە شوێنی پلەی گەرمی نزم و دور لە تیشکی خۆر بگوازرێتەوە یان کۆگا بکریت".

رونیکردەوە، "بەھۆی بەرزی پلەی گەرما و ھەبونی تشکی خۆر بەدرێژایی رۆژ، پێویستە لەوەرزی ھاویندا مامەڵەیەکی زۆر جیاواز لەگەڵ دەرماندا بکرێت و بەوردی رێنماییەکان لەلایەن کۆگاکان و دەرمانخانەکانەوە جێبەجێ بکرێت، نابێت روکاری درەوەی دەرمانخانە، نۆرینگە و ھەمو ئەو شوێنانەی ھاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر روی تیدەکەن بۆ نمایشکردنی دەرمان بەکاربھێنرێت".

د.پەرست نەقشبەندی، راشیگەیاند، رۆژانە لیژنەی ھاوبەشی تەندروستی بەدواداچون بۆ کوالێتی و نرخ و شێوازی ھەڵگرتن و عەمبارکردنی دەرمان لە کۆگاکان، دەرمانخانە، نۆرینگە و ھەمو ئەو شوێنانەی ھاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر روی تێدەکەن دەکات و داوایان لێدەکات پابەندی ئەو رێنماییانە ‌بن کە لەلایەن کۆمپانیاکانی دروستکردنی دەرمان و وەزارەتی تەندروستییەوە بۆکارکردنیان دیاریکراوە، بەپێچەوانەوە لە کاتی ھەبونی سەرپێچی شوێنەکە و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.