ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ ی ئایاری ٢٠٢١ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ، کۆبوونەوەی ئاسایی ھەفتانەی ئەنجامدا .

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا گفتوگۆ دەربارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی پێنجەم لە یاسای چاکسازی ژمارە ( ٢ ) ی ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان کرا لە بەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان کە پێویستە خەرجکردنی دەڕماڵەی ئەوانەی شایستەن پارێزراو بێت و دادپەروەریی ھەبێت لە خەرجکردنی دەڕماڵەکان و جێگیر بکرێت بۆ ئەوانەی کە شایستەن بە پێی یاسا بەرکارەکان.

بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی داھاتە ناوخۆییەکان و ڕۆڵی وەزارەتە تایبەتمەندەکان لە برەودان و ھەمەچەشنکردن و ڕێکخستنەوەی داھاتی ناوخۆی ھەرێم و ئاستی پابەندیی وەزارەتەکان و پێداچوونەوە بە ڕەسمی خزمەتگوزارییەکان . 

پاشان ئەنجومەنی وەزیران ھەردوو ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( ھەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان) بە ئاراستەی ھێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتیەکی گشتی لە وەزارەتی دارایی وئابووری بۆ ڕێکخستنی کەرتی دڵنیایی وچاودێریکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە بواری چالاکیەکانی دڵنیایی لە ھەرێم و پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای ( بەرھەمھێنان و ھاوردەکردنی بنەتۆ و شەتل و تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان ) کە ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژە یاسایە ، ڕێکخستن وھاندانی کەرتی تایبەتە بۆ بەرھەمھێنانی بنەتۆ و شەتڵ وھاوردەکردنی بنەتۆ لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو.