لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٢٦ی ئایاری ٢٠٢١ بەڕێوەچوو و کلێمنس سێمتنەر کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەرێم و دابان شەدەلە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانیش ئامادەبوون، ھەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا و جێگری سەرۆک وەزیرانیش داوایکرد ئەڵمانیا رۆڵی زیاتر ببینێت لە ھاوکاریکردنی ھەرێم بۆ پێشخستنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و چاکسازیکردن لە سیستمی حکومرانی.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمانی عێراق کرا و ھەردوو لا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە ھەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بە شێوەی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و ئەمەشیان بە گرنگ زانی بۆ سەقامگیری سیاسی و پرسی دیموکراسی و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد ئەڵمانیا و وڵاتانی ھاوپەیمان ھاوکاری عێراق بکەن بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.

تەوەرێکتری کۆبوونەوەکەدا تایبەت بوو بە تاوتوێ کردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدرال، لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، نیەتی حکومەتی ھەرێم چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدایە و لە دوای پەسندکردنی یاسای بودجەشەوە حکومەتی ھەرێم ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکدا  وەفدی حکومەتی ھەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو ئەو کێشە و گرفتە تەکنیکیانەی لەبەردەم جێبەجێکردنی یاساکەدان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەوپێیەی ئۆلە دیل ئەرکەکەی وەک باڵیۆز لە ماوەیەکی نزیکی داھاتوودا کۆتایی دێت، قوباد تاڵەبانی سوپاس و ستایشی ھەموو ئەو ھاوکارییانەی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا پێشکەشی عێراق و ھەرێمی کوردستانی کردووە و ھیوای خواست ئەڵمانیا بەردەوام بێت لە ھاوکاریکردنی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.