کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو کە تێیدا تاوتوێی ئەو حاڵەتانە کرا کە لە ماوەی ڕابردوودا تۆمارکراون، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی گرتنەبەری ڕێگەچارەی خێرا و پلانی کورتخایەن خرایەڕوو، لە پێناو ڕێگری لە پەرەسەندنی ئەم حاڵەتانەدا.


لەو بارەیەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران  وتی "پێویستە ھەنگاوی خێرا بگرینەبەر بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و خۆکوشتن، و لە ڕێی کەناڵە جیاوازەکانەوە ھەوڵی بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی و ھۆشیاری خێزانی بدەین تا چارەسەری پێویست بۆ ئەم گرفتە کۆمەڵایەتییە بدۆزینەوە".


لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ڕێگەچارەی خێرا بگیرێتەبەر، لە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان، لەگەڵ کردنەوەی خولی جۆراوجۆری ڕاھێنان بۆ ئەفسەران و وتەبێژان لە بارەی ھۆشیاری لە بنەماکانی یەکسانی جێندەری.


ھەروەھا بڕیاردرا ڕێگری بکرێت لە بردنەدەرەوەی کەیسی نێو شێڵتەرەکان تا کۆتایی ھاتنی ڕاوێژ لەگەڵ سەنتەرە تایبەتەکاندا، لەگەڵ جیاکردنەوەی کەیسەکان لەناو شێڵتەر بە پێی جۆر و تایبەتمەندیی کەیسەکان. ھەروەھا بڕیاردرا بە دابینکردنی بودجەی پێویست و بینای گونجاو بۆ شێڵتەرەکان.


ھاوکات بڕیاریشدرا ئەنجومەنی باڵای خانمان ستراتیژێکی تایبەت بە ڕێگری کردن لە توندوتیژی دژی ژنان ئامادە بکات بە وەرگرتنی بۆچوونی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی حکومەت بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.


ھەروەھا بۆردێک دروست بکرێت بۆ بەدواداچوون و پابەندبوون بەمیساقی شەرەف کە لە نێوانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکان ھەیە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ڕێگری کردن لە سەرپێچی کردن لە ڕێنماییەکانی وەزارەت و بنەما پیشەیی یە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تایبەت بە ڕووماڵی کەیسەکانی ژنان.


ھاوکات جەختکرایەوە کە پێویستە مامۆستایانی ئاینی ڕۆڵی خۆیان ببینن و لە وتارە ئاینییەکاندا پاڵپشتی بەرەنگاربوونەوەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بکەن.


کۆبوونەوە بە گرنگی زانی سود لە توانای توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی و چالاکوانانی بواری مافی مرۆڤ ببینرێت بۆ ھۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵ و بەھێزکردن و بڵاوکردنەوەی گیانی باوەڕبەخۆبوون و چاندنی تۆوی ھیوا و ئومێد لە جێی نائومێدی، سەرباری خستنەرووی ئەوەی کە خۆکوشتن نە حاڵەتێکی ژیرییە و نە چارەسەرێکی دروستە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا.