لە فێستیڤاڵەکە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران و ئەدیبانی ھەر چوار پارچەی کوردستان و پارێزگاکانی تری عێراق و وڵاتانی دراوسێ و میوانانی دەرەوەی وڵات بەشدارن و دەزگای میدیایی کوردساتیش سپۆنسەری دەکات.


فێستیڤاڵەکە لە ژێر ناونیشانی "دیالۆگی لابردنی ماسکەکان"دایە و تاوەکو ڕۆژی پێنج شەممە بەردەوام دەبێت و یەکەم و دووەم و سێیەمی شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە خەڵات دەکرێن.


فێستیڤاڵی گەلاوێژ چالاکییەکی ئەدەبی و ھونەری فراوانە، کە تیایدا بایەخ بە بەرھەمی فیکری و ئەدەبی و ھونەری نووسەران و کلتوری ڕۆشنگەری دەدرێت، بنکەی ڕوناکبیریی گەلاوێژ لە ساڵی ١٩٩٦ەوە دامەزراوە و تاوەکو ئێستا وەک ڕێکخراوێکی کلتوری ساڵانە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی ڕێکدەخات.