بەپێی راگەیەندراوێکی کۆمیتەی ١٦ی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ناحیەی دینارتە، محەمەد ساڵح ئەندامی کۆمیتە لەلایەن ھێزەکانی سەر بەپارتی دەستگیرکراوە.

کۆمیتەی یەکێتی لەناحیەی دینارتە ئاماژەی بەوەکردووە، یەکەم جار نییە ھێزەکانی پارتی لەو سنورە کادر و ئەندامانی یەکێتی دەستگیر دەکەن و ئەو جۆرە کارانە دەبێتە ھۆی شێواندنی سەقامگیری ناوچەکە و ھەرێمی کوردستانیش، بۆیە داوا دەکەن بە زوترین کات ئازاد بکرێت.

مێڤان حازم لێپرسراوی کۆمیتەی دینارتەی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەم سنورە تۆمەتی جیاجیا بۆ کادر و ئەندامانی یەکێتی دروست دەکرێت تەنھا بۆئەوەی دەستگیر بکرێن، دەستگیرکردنی ئەم کادرەش ھەر لەو چوارچێوەیەدایە.

بەڕێوەبەری ئاسایشی ناحیەی دینارتەش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو کادرە لەلایەن ھێزێکی پێشمەرگەی رۆژ دەستگیرکراوە و رەوانەی ئاسایشی ئاکرێ کراوە. 

وتیشی، ناتوانن زانیاری زیاتر لە سەر ئەو بابەتە بدەن و چاوەڕێی لێکۆڵینەوە دەکەن.