لە ھەردوو کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ (١٦ ئایاری ٢٠٢١)  بەڕێوەچوون، تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئەرمینیا کرا. ھەروەھا بڕیاردرا تیمی ھاوبەش لەنێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەرمینیا دروست بکرێت بە مەبەستی گواستنەوەی ئەزمونی ئەرمینیا لەڕووی بە ئەلکترۆنیکردنی حکومەت و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیاری.  

لەتەوەرێکی تری قسەکاندا، باسی پێکەوەبەستنی زانکۆ پۆلی تەکنیکییەکانی کوردستان و ئەرمینیا کرا بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری ھاوبەشی زانستی. 

لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ئەرمینیا، ھەر ئەمڕۆ جێگری سەرۆک وەزیران و شاندی یاوەری لەگەڵ شاندێکی یەکێتی کۆمپانیا پێشکەوتووەکانی بواری تەکنەلۆژیای زانیارییەکانی ئەرمینیا کۆبووەوە، پاش گفتوگۆی چڕ رێککەوتنێکی سەرەتایی کرا بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی ئەرمینیا بێنە ھەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی بەرفراواندا منداڵ و نەوجەوانانی تەمەن ١٠_١٨ ساڵان فێری ئای تی و تەکنەلۆژیای زانیاری بکەن کە ئەمە پرۆگرامێکی تایبەتی کۆماری ئەرمینیایە.

سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆماری ئەرمینیا لەسەر بانگھێشتی فەرمی حکومەتی ئەرمینیایە و سێ رۆژ دەخایەنێت. لەم سەردانەدا ھەر یەکە لە دارا رەشید وەزیری پلاندان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران یاوەری جێگری سەرۆک وەزیرانن.