رێکخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لەپرۆسەکانی نەوت رایگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم پێشنیازی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە، لە مانگی ئاداری ٢٠٢١ ەوە دانەوەی شایستە دواخراوەکانیان بەپێی میکانیزمێکی نوێ دەبێت و گۆڕانکاری بەسەر ئەو میکانیزمەدا ھاتووە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بەکۆمپانیاکانی نەوت راگەیەنراوە.

بەپێی میکانیزمە نوێکە کاتێک نرخی نەوت لەسەروو ٥٠ دۆلارەوە بێت کۆمپانیاکان رێژەی ٢٠% ئەو زیادەیە لە بری شایستە دواخراوەکانیان وەردەگرنەوە. بەپێی میکانیزمی پێشووش ئەوڕێژەیە ٥٠% بوو.

ھەروەھا لە رۆژی پێشکەشکردنی شایستەکانەوە لەلایەن کۆمپانیاکان بۆ حکومەت دوای ٦٠ رۆژ کۆمپانیا نەوتییەکان شایستەکانیان وەردەگرن، کە پێشتر ئەوماوەیە ٣٠ رۆژ بوو.

ھەر بەپێی میکانیزمە نوێیەکە، پێشتر کۆمپانیا نەوتییەکان ئەگەر پارەیەکیان لەلای حکومەت بووایە دەیانخستە بەر قەرزەکانیان، بەڵام ئێستا ئەوە رادەگیرێت.