لاھور شێخ جەنگی ڕاشیگەیاند کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان ئەم جەژنە بکەنە بۆنەیەک بۆ یەکتر قبووڵکردن و وەلانانی گرژیی و ناکۆکییەکان و بە گیانێکی نیشتیمانپەروەری، دوور لە چەقبەستوویی سیاسی و یەکتر تۆمەتبارکردن، کار بۆ ھێنانەدی یەکڕیزیی نیشتیمانی و ئاشتی و تەبایی بکەن، لە پێناو خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئارامی و ژیانێکی شایستە بۆ ھاووڵاتییان.
ھاوسەرۆک ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان لە سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ھاونیشتیمانییەکانیان لە کەرکوک و خانەقین و ناوچەدابڕێندراوەکان دڵنیا دەکەنەوە کە سیاسەت و بەرنامەی یەکێتیی کارکردنە بۆ گەڕانەوەی ھاوسەنگی و ڕزگارکردنیان لەو دۆخە دژوارەی کە تێی کەوتوون و دووپاتی دەکەنەوە کە لە دوای جەژن ئەنجامی ھەوڵ و ھەنگاوەکانیان لەو پێناوەدا دەردەکەون.

دەقی پەیامەکە ...  

بە ناوی خودای گەورە و میھرەبان، 


بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، لە ناخی دڵمەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خوشک و برا مسوڵمانەکانمان دەکەم لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و جیھان، پیرۆزبێت لە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، لە پێشمەرگە قارەمانەکان لە کارمەندانی تەندروستی و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ھێزی دژەتیرۆر و زیندانییانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ھیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان.


ئاشکرایە، مسوڵمانان لە مانگی پیرۆزی پڕ خێر و بەرەکەتی ڕەمەزاندا بە ڕۆژوو دەبن و نزا دەکەن و ئەو مانگە دەکەنە دەرفەتێک بۆ بەخۆداچوونەوە و پاکبوونەوەی دڵ و دەروون و نوێبوونەوەی ژیان، جەژنیش دەکەنە دەرفەتێک بۆ لێبووردن و گەردن ئازادی لە یەکتر، ئێمەش لەم کاتەدا کە جەژن دەگێڕین، وڵاتەکەمان لە بەردەم ھەڕەشەی داعشدایە، ناوماڵی کورد یەکڕیز و تەبا نییە، کێشە و قەیرانی جۆراوجۆر بەرۆکی گرتوین، ھاونیشتیمانییەکانمان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان چاوەروانی زیاترمان لێدەکەن، مووچەخۆران چاوەڕوانی ڕێککردنەوەی موچەکانیانن، ھەق وایە لایەنە سیاسییەکان ئەم جەژنە بکەنە بۆنەیەک بۆ یەکتر قبووڵکردن و وەلانانی گرژیی و ناکۆکییەکان و بە گیانێکی نیشتیمانپەروەری، دوور لە چەقبەستوویی سیاسی و یەکتر تۆمەتبارکردن، کار بۆ ھێنانەدی یەکڕیزیی نیشتیمانی و ئاشتی و تەبایی بکەن، لە پێناو خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئارامی و ژیانێکی شایستە بۆ ھاووڵاتییان. 


ئێمە لە سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ھاونیشتیمانییەکانمان لە کەرکوک و خانەقین و ناوچەدابڕێندراوەکان دڵنیا دەکەینەوە کە سیاسەت و بەرنامەی یەکێتیی کارکردنە بۆ گەڕانەوەی ھاوسەنگی و ڕزگارکردنیان لەو دۆخە دژوارەی کە تێی کەوتوون، دووپاتی دەکەینەوە کە لە دوای جەژن ئەنجامی ھەوڵ و ھەنگاوەکانمان لەو پێناوەدا دەردەکەون. پەروەردگاری مەزن خاک و خەڵکی کوردستان لە ھەموو نەھامەتی و کێشەیەک بە دوور بگرێت و مرۆڤایەتیش لە پەتای نەگریسی کۆرۆنا ڕزگار بکات، نوێژ و ڕۆژوو و نزای ھەموو لایەک قبووڵ بێت و ڕۆژانی جەژن بە سەلامەتی و شادی و سەرفرازیی بەسەر ببەن. دووبارە جەژنتان پیرۆز بێت و ھەر لە شادی و سەرکەوتندابن.

لاھور شێخ جەنگی
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان