"بەشدار حەسەن" سەرۆکی تیمی پارێزەرانی داکۆکیکار لە سزادراوانی بادینان ڕایگەیاند، سەبارەت بە دۆسیەی سزادراوانی بادینان کە بەھۆی پەیوەندیان لەگەڵ کونسوڵخانەکان بە ٦ ساڵ زیندانی سزادراون، لەگەڵ بەڕێوەبەری ئۆفیسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر کۆمەلێک زانیاری ناڕاستکراوە، کە ماوەی چەند ڕۆژە دەسەڵات بڵاویدەکاتەوە، گوایە ھەموو دادوەرەکان ئیمزایان لەسەر بڕیارەکە کردووە.


ھەروەھا دەنگۆی ئەوەی دەستگیرکراوان لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا پارێزەرانیان بینیوە، ھەموو ئەو زانیاریانەیان بۆ ڕاستکردوونەتەوە و وردەکاریەکەیان تێگەیاندن کە ھەندێک لایەن و میدیا بە ئەنقەست دەیانەوێت ڕاستی ئەو کەیستە بشێوێنن.


سەرۆکی تیمی پارێزەران داکۆکیکار لە سزادراوانی بادینان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەوە ھەنگاوێکی گرنگە نوێنەری ئۆفیسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ھاتوونەتە ئوفیسی پارێزەران و بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان دەکەن، ئەو بەرەو پێشچوونە دەریدەخات کەیسەکە بەلای ئەوان زۆر گرنگە، ھەبوونی ئەو گوشارە نێودەوڵەتیانەش بۆ ئێستا گرنگە و پێویستە دەسەڵات چیتر ڕای گشتی نەخەڵەتێنێت و ئەو ھەڵەیە ڕاست بکاتەوە، ئەگەر نا خراپ لەسەریان دەکەوێت.