بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، سبەینێ وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی لە پیرمام كۆدەبنەوە.

پەیامنێری كوردسات نیوز راگەیاند، سبەینێ بۆ جاری سێیەم وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی لە پیرمام كۆدەبنەوە، بۆ تاوتوێكردنی رەشنووسی ستراتیژی نێوانیان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

ئەوەشی خستەڕوو، وەفدی دانووستانكاری یەكێتی بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی دەبێت و لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین خاڵەكانی رەشنووسی ستراتیژی نێوان هەردوولا دەكرێت، كە پێشتر لەلایەن تیمی تەكنیكی هاوبەشی هەردوولاوە ئامادەكراوە.

كۆبوونەوەی یەكەم و دووەمی وەفدی دانووستانكاری یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لە سلێمانی بەڕێوەچووە و لەدوای بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی دووەمیش، یەكێتی و پارتی لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا بڵاویانكردەوە، كۆبوونەوەكانیان بەردەوامی دەبێت، بۆ زیاتر لێكتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەكی هاوبەش، كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێت.