ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دووپاتی کردەوە، "کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی سوریا"  کە لە دیمەشق بەڕێوەچوو نوێنەرایەتی گەلی سوریا ناکات و ئێمە نابینە بەشێک لە جێبەجێکردنی دەرەنجامەکانی.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو لیژنەیەی کە بۆ ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسەکە پێکهێنرابوو، نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی گەلی سوریا نەکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە سوریا، گەلەکەمان بە گشتی و بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، داوای بنیاتنانی سوریایەکی یەکگرتوومان کردووە بۆ سەرجەم لایەن و پێکهاتەکان بەبێ دوورخستنەوە یان پەراوێزخستن.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئامانجی ئێمە لە سەرەتای شۆڕشی سوریاوە، رزگارکردنی کۆمەڵگەی سوری بووە لە نادادپەروەری و دەستدرێژی و سیاسەتی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن، لەم چوارچێوەیەدا دەستپێشخەری گرنگمان هەبووە و ئەمڕۆش داواکارییەکانمان نوێ دەکەینەوە، بۆ ئەوەی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی راستەقینە بەڕێوەبچێت، کە نوێنەرایەتی هەموو سورییەکان بکات، و هیچ لایەنێک پەراوێز نەخرێت.