ئەمڕۆ 22ی 1ی 2025، کە بە مانگی کوردی هاوکاتە بە 2ی رێبەندان، 79 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد تێدەپەڕێت، ئەو کۆمارەی تەمەنی ساڵی پڕ نەکرد، بەڵام دوای 79 ساڵ هێشتا شانازییەکی گەورەی کوردە و جێدەستی بە مێژووی ئەو دەیان ساڵەی رابردووەوە دیارە.

کۆماری کوردستان لە مهاباد لە دۆخێکی لەباردا دامەزرێنرا، دوای ئەوەی لە ساڵی دووەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا 1941 هێزەكانی یەكێتی سۆڤێت، ناوچەكانی باكوری ئێران و باكوری رۆژهەڵاتی كوردستان و هێزەكانی بەریتانیا و ئەمریكا ناوچەكانی باشوری ئێرانیان داگیركرد، شای ئێرانیان ناچاركرد واز لە دەسەڵات بهێنێت.

هەر لەو ماوەیەدا وەفدێکی کورد بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد چوون بۆ باکۆ و لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت کۆبوونەوە. وەفدەکە لەگەڵ باقرۆف سەرۆک وەزیرانی ئازەربایجان کۆبووەوە و چەندین رێککەوتننامەیان لەگەڵ ئیدارەی سۆڤیەت ئیمزا کرد.

دوای ئەو هەماهەنگیەی کورد لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت هەیبوو، دوای لەسەرکارلادانی رەزا شا، دۆخی سیاسیی ئێران تاڕادەیەک گۆڕا و کرانەوەیەک دروست بوو، لە رابردوودا رەزا شا بە تەواوی هەوڵی سەرکوتکردنی سەرجەم دەنگەکانی دەدا و دەیویست نەتەوەکانی دیکە لەناو فارسا نقوم بکات، دوای رووخانیشی لە مەهاباد بۆشایی سیاسیی دروست بوو.

هەموو ئەو دۆخانە بوون بە زەمینەیەکی لەبار و لە ئابی ساڵی 1942دا 11 گەنجی کورد، کە سەرجەمیان خوێندەوار بوون و بیری کوردسایەتی و بەرەوپێشبردنی کورد لە سەریاندا بوو، کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد 'ژێکاف'یان دروست کرد. کە سەرەتا بە نهێنی کارەکانیان دەکرد، لە ساڵی ١٩٤٣دا کۆنگرەیەکیان بەست و لەوێشەوە 'گۆڤاری نیشمان'یان دەرکرد، کە زمانحاڵی کۆمەڵەکە بوو.

قازی محەمەدیش کە پەیوەندی بە کۆمەڵەکەوە کردبوو، بەهۆی ئەوەی کەسایەتییەکی دیاری هەبوو و لەهەمان کاتیشدا دادوەری شاری مهاباد بوو، وەک سەرۆکی ژێکاف دیاری کرا.

هەر لە ئەیلوولی 1942 و دوای دامەزراندنی ژێکاف دەوڵەتی تورک ترسی لێنیشتبوو و پەیامێکی بۆ لەندەن نارد و باسی لە رێکخستنە کوردییەکانی ناوچەکە کرد.

لە ساڵی 1944دا سێ رێکخستنی کوردی بە ناوەکانی کۆمەڵە (ژێکاف)، خۆییبوون و هیوا کۆبوونەوە و رێککەوتنێکیان بە ناوی 'سێ سنوور' ئیمزا کرد. 

دوای چوار ساڵ لە کار و چالاکییەکانیان، ئیتر ئەو شێوەی کارە دەرەقەتی سیستمی سیاسیی و بەڕێوەبردنی ئەوکاتی ئێران و ناوچەکە نەدەهات و بڕیاریان دا حزبێک بەناوی 'حزبی دیموکراتی کوردستان' دابنێن، کە قازی محەمەد وەک سەرۆکی ژێکاف بڕیاری گۆڕینی کۆمەڵەکەی بۆ حزب دا.

قازی محەمەد بەهۆی کەسایەتییە بەهێزەکەی پەیوەندی لەگەڵ سۆڤیەتدا باش بوو، ئەوەش رێگای خۆشکردبوو بۆ راگەیاندنی کۆماری کوردستان و دواجار لە 22ی 1ی 1946دا لە مەیدانی چوارچرا لە مهاباد کۆمارەکەیان راگەیاند.

300px-Proclamation_of_the_Republic_of_Mahabad.jpg

لە رێورەسمی راگەیاندنی کۆمارەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و سەرۆکهۆزە کوردەکانی ناوچەی موکریان و نوێنەری پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشدار بوون.

دواتر سنووری كۆماری كوردستان زۆرترین ناوچەی موكریانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان گرتەوە، بەجۆرێك شارەكانی مهاباد، بۆكان، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت و نەغەدە بەشێك بوون لە كۆمارەكە و لە باشووریشەوە، سنووری كۆمارەكە تاوەكو شارەكانی بانە و سەقز درێژ بووەوە.

یەکەم گۆڤاری منداڵان بە زمانی کوردی دەرکرا بەناوی 'گڕوگاڵی منداڵانی کورد'

کۆماری کوردستان توانی چەندین کاری گرنگ ئەنجام بدات، لەوانەش پەرەدان بە زمانی کوردی و دەرکردنی چەندین گۆڤار، بە جۆرێک گۆڤاری تایبەت بە منداڵانیشی دەرکرد بە ناوی "گڕوگاڵی منداڵانی کورد"، کە یەکەم گۆڤاری منداڵانە بە زمانی کوردی.

 

ئامانجەکانی کۆماری کوردستان

ئامانجەکانی کۆمارەکە لە خزمەت کورد و دامەزراندنی دەوڵەتی کورددا بوون، لە دیارترینیشیان ئەوە بوو، زمانی كوردیی بكرێتە زمانی راگەیاندن و خوێندن و بەڕێوەبردن.

هەروەها بەشێک لە ئامانە سەرەکییەکانی دیکەش بریتی بوون لە: ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ كوردستان بەمەبەستی چاودێری دەوڵەت و بابەتە كۆمەڵایەتییەكان، ھەموو لێپرسراوەكان لە خەڵكی ناوچەكە ھەڵبژێردرێن، یاسایەك ھەبێت كە بەیەك شێوە مامەڵە كرێكار و كەسایەتییە باڵاكاندا بكات.

کۆمارەکە بەهۆی ئەو پشتگیرییە زۆرەی بەدەستی هێنابوو زوو گەشەی کرد و دوای نزیكەی 20 رۆژ و لە 11ی مانگی 2ـی 1946دا، بە مەرسومێكی كۆماری، كە لە رۆژنامەی كوردستانی زمانحاڵی حزبی دیموكراتی كوردستان و كۆماری كوردستان بڵاوكرایەوە، حكومەتی كوردستان پێكهێنرا، كە پێكهاتبوو لە 13 وەزارەت و "حاجی بابەشێخ" سەرۆك وەزیران بوو. 

ئەگەرچی تەمەنی کۆماری کوردستان ساڵی بەسەردا نەسوڕا، بەڵام چەندین کاری گرنگی ئەنجامدا کە تاوەکو ئێستاش کورد لە بەری ئەو رەنجە دەخوات، لە گرنگترینیان دانانی ئاڵای کوردستان و دانانی سرودی ئەی رەقیب و ناوی پێشمەرگە بوو.

کۆماری کوردستان لەو ماوەیەدا خوێندنی کردە زۆرەملێ و دەرفەتی دایە ژنان بەشداری لە کایەی سیاسیی و بەڕێوەبردندا بکەن. قازی محەمەد لەگەڵ دەسەڵاتی عەشیرەتدا نەبوو و دەیویست لەرێگای خوێندەوارییەوە ئەو بیرە لەناو ببات.

 

ئاڵای کۆماری کوردستان 

ئاڵای کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بە دوو شێوە دیزاینی بۆ دانرا، کە یەکەمیان لەلایەن فاتیمە ئەسەد شاھینەوە دیزاین کرا و بە تەواوی نزیک بوو لە ئاڵای ئێستای هەرێمی کوردستانەوە، تەنها شێوەی تیشکەکانی خۆرەکە جیاواز بوو.

دیزاینی دووەمیش لەلایەن فاتیمە سەید مەناف حوسێنی کرا و دواتریش ئەو ئاڵایە کرا بە ئاڵای رەسمیی، کە لە بری خۆری ناوەندی ئاڵاکە دوو چڵە گەنم و قەڵەمێک و خۆرێک لە پاڵ رەنگەکانی سوور و سپی و سەوزدا هەن. کە نیشانەی گرنگیدانی کورد بووە بە خوێندن و خوێندەواری و خاک و ئاشتی و بەرهەم و بەپیتی خاک، لە پاڵ ئەوانەشدا سروشتی کوردستان و ئومێد و هیوا بە داهاتوو.

640px-Flag_of_Mahabad_(1946–1947).png

 

ئەی رەقیب

دڵداری شاعیر، کە ناوی تەواوی یونس رەئوفە، لە ساڵی 1938 هۆنراوەی 'ئەی رەقیب'ی داناوە، کۆماری مهاباد لە ساڵی 1946دا ئەو هۆنراوەیەی بە سرودی رەسمی خۆی ناساند، کە ئێستا سرودی نیشتمانی هەرێمی کوردستانە.

 

ناوی پێشمەرگە

کەریم زەند گەڕیدە و مێژوونووسی کورد باس لەوەدەکات، لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا لیژنەیەک دانراوە بۆ ئەوەی ناوێکی گونجاو بۆ سوپای کوردستان هەڵبژێردرێت.

وەک کەریم زەند کە خۆی لە لیژنەکەدا بووە دەیگێڕێتەوە، لیژنەکە هەژار موکریانی و هێمن موکریانی و محەمەد تۆفیق وەردی تێدا بووە.

بۆ ناوی سوپای کوردستان سەرەتا ناوەکانی کۆماندۆ، گەریلا، چریک، جەنگاوەر، سەرباز و فیدائی پێشکەشکراون، بەڵام کەسێک بەناوی میرزا رەشیدی لەوکاتەدا ناوی پێشمەرگەی وتووە، کە دواتریش ناوەکەیان پێشکەشی قازی محەمەد کردووە و ناوەکە پەسەند کراوە.

 

لاوازبوونی کۆمارەکە 

هەر لە ئازاری 1946دا فشاری هێزەکانی رۆژئاوا لە ناوچەکە زیادبوو و روسیا لەگەڵ ئیراندا رێککەوت و لە ناوچەکە کشایەوە، لە ئایاری هەمان ساڵیشدا کە سوپای یەکێتی سۆڤیەت لە ناوچەکە نەما کۆمارەکە پشتیوانی نەما، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کۆماری کوردستان لاواز ببێت و هیچ پاڵپشتییەکی دارایی نەمێنێت، سەرئەنجام لە 17ی کانونی یەکەمدا سوپای ئێران چووە ناو مهابادەوە و قازی محەمەدیان دەستگیر کرد.

لە 23ی کانوونی دووەمی 1947 و دادگای سەربازیی ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ قازی محەمەد دەر کرد و دواجار لە 31ی ئازاری ٤٧دا، هەر لە گۆڕەپانی چوارچرا قازی محەمەد و دوو هاوکاری  بە ناوەکانی سەیفی قازی و سەدری قازی لەسێدارەدران.

لەبارەی لەسێدارەدانی قازی محەمەدەوە شاعیری کورد شەهید مەلا عەلی دەڵێت:

مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بەسەد ژین

ژینێک سەرم بۆ دوژمنم بێ بە پەرژین

سەربەرزییە، کە پێڵاوم ئەبینن

بەسەر سـەری دوژمنەوە لە بەرزین

f368068b_l.jpg